ئەمڕۆ دووشەممە لە رووداوێكی نەخوازراودا لە شاری مارسیلیای فەرەنسا، قوتابییەك تەقەی لە بەڕێوەبەری و مامۆستای قوتابخانەكەیان كرد و هەردووكیانی بریندار كرد.
رۆژنامەی (لۆ پاریزیان) ڕووداوەكەی بەمشێوەیە گواستەوە: قوتابییەكی تەمەن 14 ساڵ لە قوتابخانەی (جۆزێف لاكانال) لە شارۆچكەیەكی سنووری مارسیلیا، چەكێكی ڕاوكردن لەنێو جانتای ئامێری موزیكی گیتار دەشارێتەوە و دەیباتە نێو قوتابخانە.
قوتابییەكە كاتێك دەگاتە نێو قوتابخانە، لەنێو هۆڵەكەدا چەكەكە دەردەهێنێت و راستەوخۆ تەقە لە بەڕێوەبەری و مامۆستایەك دەكات و بە دوو فیشەك هەردووكیان بریندار دەكات.
هەرچەندە لە رووداوەكەدا هیچ قوتابییەك ئازاری پێنەگەیشتووە، بەڵام سەرجەمیان تووشی دڵەڕاوكێ و ترسێكی زۆر بوونەتەوە لە ئەنجامی رووداوەكەدا.
چەند خولەكێك دوای رووداوەكە قوتابییە تەقەكەرەكە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە، بەڵام تا ئێستا روونكردنەوە لەبارەی هۆكاری تەقەكردنەكان ئاشكرا نەكراوە.







