وەزارەتی دەرەوەی نەمسا دەرکردنی چوار دیپلۆماتکاری ڕووسی لە ڤیەننا ڕاگەیاند، بەهۆی ئەنجامدانی کاری نایاسایی و گومانی سیخوڕیکردن، کە سێ لە دیپلۆماتکارەکان لە باڵیۆزخانەی ڕووسیا و یەکێکیان لە نێردەی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەورووپا (OSCE) کاریان دەکرد.
ئەمڕۆ هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی نەمسا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: بەهۆی ئەنجامدانی چالاکیی نەگونجاو لەگەڵ پێگەی دیپلۆماسییان کە زۆرجار وەک ئاماژەیەک بۆ کاری سیخوڕی بەکار دەهێنرێت، چوار دیپلۆماتکاری ڕووسی لە ڤیەننای پایتەخت دەردەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی دەسەڵاتە ئەمنییەکانی نەمسا دراوە و ڕوون کراوەتەوە کە سێ لەو دیپلۆماتکارانە لە باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە نەمسا کاریان دەکرد و دیپلۆماتکارەکەی دیکەش لە نێردەی فەرمیی ڕووسیا بووە لە ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەورووپا (OSCE).
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە نەمسا لە مانگی ئایاری ڕابردووشدا سێ دیپلۆماتکاری ڕووسی بە گومانی سیخوڕی دەرکردبوو، بەهۆی دانانی ئامێری پەیوەندی و ئەنتێنا لەسەر باڵەخانەکانی نێردەی دیپلۆماسیی مۆسکۆ لە ڤیەننا بە مەبەستی سیخوڕیکردن بەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، لەو کاتەشدا دەستەی پەخشی نەمسا ئاشکرای کردبوو کە گومان هەیە سیستەمی مانگی دەستکرد بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی نیشتەجێی ڤیەننا بەکارهێنرابێت، هاوکات بیاتە ماینل ڕایزینگەر، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دووپاتی کردبووەوە، بەکارهێنانی پارێزبەندیی دیپلۆماسی بۆ کاری سیخوڕی بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە.
شایەنی باسە، دەسەڵاتدارانی نەمسا لە دوای دەرکردنەکانی مانگی ئایار ڕایانگەیاندبوو کە ژمارەی ئەو دیپلۆماتکارە ڕووسییانەی لە ساڵی 2020ـەوە تاوەکو ئێستا لە وڵاتەکە دەرکراون گەیشتووەتە 14 دیپلۆماتکار، ئەمەش نیشاندەری بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە لەسەر تۆمەتبارکردنی مۆسکۆ بە بەکارهێنانی نێردە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری.







