بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڤیدیۆیەکی خۆی و دونالد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە لەگەڵ ترامپ، هەڕەشەی ئێران بۆ هەمیشە لەناو دەبەن. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هەڵگیرا کە ترامپ لە چوارچێوەی کەمپینی هەڵبژاردنەکەی، پشتیوانیی فەرمیی خۆی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیاند.
نەتانیاهو لە پەیامێکدا لە هەژماری بەکارهێنەری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی «X» جەختی کردەوە کە ئەو و هاوڕێکەی، دونالد ترامپ، دەتوانن بە یەکگرتوویی کۆتایی بە مەترسییەکانی تاران بهێنن. نەتانیاهو لە گفتوگۆکەیدا ڕووی لە ترامپ دەکات و دەڵێت: «خەڵکی ئەمریکا دەبێت بزانن کە ئێوە لەبەردەم گەورەترین مەترسییەک کە جیهان و ئەمریکا هەڕەشەی لێ دەکات، واتە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی، ڕاوەستاون.» ئەو هەروەها جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ڕوودانی سیناریۆیەکی لەم جۆرە نادەن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە فراوانبوونی پرۆسەی ئاشتیی ناوچەیییش کرد و وتی کە ئەوان دەتوانن ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم لەژێر چاودێریی ترامپ زیاتر پێش بخەن؛ چونکە هەماهەنگییەکانی نێوانیان سەلماندوویەتی کە توانای بەدەستهێنانی دەستکەوتە گەورەکان بە یەکەوەیان هەیە. لە بەرامبەردا، دونالد ترامپ ستایشی پێگەی نەتانیاهوی کرد و پێی وت: «تۆ جەنگاوەرێکی گەورەیت و بە زوویی ئەمە پشتڕاست دەکەینەوە، بیبی، تۆ ئەو کەسەیت کە دەمهەوێت لەتەنیشتم بێت.»







