حکوومەتی ئەفغانستان ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی وڵاتەکەی لە شەوی ڕابردوودا، لانیکەم 9 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و 11ـی دیکەش بریندار بوون. لە بەرامبەردا، پاکستان جێبەجێکردنی هێرشەکانی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە مۆڵگەی گرووپە چەکدارەکانیان پێکاوە.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (X) بڵاوی کردەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان لە شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، هەردوو پارێزگای هەڵمەند لە باشوور و کونەر لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانیان کردووەتە ئامانج کە هاوسنوورن لەگەڵ پاکستان. ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە 9 هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، 11 کەسی دیکە بریندار بوون و 3 خانووش بە تەواوی وێران بوون.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی زانیاریی پاکستان لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (X) ئەنجامدانی هێرشەکانی پشتڕاست کردەوە و وەسفی کردن بە هێرشی "ورد و پێشوەختە پلاندانراو" لەناو خاکی ئەفغانستاندا. ئیسلام ئاباد بەردەوام کابول تۆمەتبار دەکات بە داڵدەدانی چەکدارانی نەیاری وڵاتەکەی کە خاکی ئەفغانستان بۆ ئەنجامدانی هێرش لەناو پاکستان بەکاردەهێنن.
وەزارەتی زانیاریی پاکستان ڕوونی کردەوە: "لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی باوەڕپێکراو، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی ورد بۆ سەر سەربازگە و پەناگەی تیرۆریستان لە دوو پێگەی جیاواز لەناو خاکی ئەفغانستان جێبەجێ کرا، کە سەر بە گرووپەکانی "فیتنەی خەواریج" و "فیتنەی هیند" و هاوپەیمانەکانیان بوون".
ئەم هێرشانە پەرەسەندنێکی نوێی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێیە، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانی تاڵیبان سەبارەت بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئەفغانستان لەلایەن سوپای پاکستانەوە.







