دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی قوتابییان و گۆڕانی بۆ توندوتیژی، نزیکەی 2000 قوتابی دەستگیرکراون و ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیس و قوتابیش بریندار بوون.
وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا ڕایگەیاند، 1949 کەس دەستگیرکراون و 305 ئەندامی پۆلیس و هێزەکانی پاسەوانیی نیشتمانی بریندار بوون. هاوکات 170 قوتابی و 65 کارمەندی کەرتی پەروەردەش لەو تێکهەڵچوونانەدا بریندار بوون. ئێدوارد جێفری وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە ئەمڕۆ هەینی زیاتر لە 400 دامەزراوەی پەروەردەیی دادەخرێن و خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت.
سەباتیان لێکورنۆ سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی قەیرانی کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بەردەوامن و گەیشتووەتە زانکۆکانیش. بەپێی ڕاپۆرتی یەکێتیی قوتابییان، گۆرەپانی نزیکەی 30 زانکۆ لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراوە.
لە کاتێکدا بەشێکی زۆری قوتابییان بە ئاشتییانە دژی خراپیی دۆخی بینای قوتابخانەکان، قەرەباڵغیی پۆلەکان و کەمیی مامۆستایان خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام لە هەندێک ناوچەدا ڕووداوی توندوتیژی، وێرانکاری، ئاگرتێبەردان و هێرشکردنە سەر پاس و وێستگەکان تۆمار کراوە، پۆلیسیش ناچار بووە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژ بەکاربهێنێت.
سێباستیان لێکورنۆ لە کۆبوونەوەی قەیراندا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە.







