پۆلیسی گەرمیان دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری لەسەر تاوانی ئەلیکترۆنی و سەرانەسەندن ڕاگەیاند، کە یەکێکیان لە ڕێگەی هەژمارێکی فەیسبووک بە ناوی ئافرەتەوە هەڕەشەی لە هاووڵاتییان کردووە و پارەی لێ وەرگرتوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەقیدی پۆلیس سۆران محەمەد غەریب، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: لە قەزای کەلار کەسێک بەپێی ماددەی (2) لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەلایەن بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیانەوە دەستگیر کرا.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، هاوکات لە لایەن نووسینگەی نەهێشتنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانەوە تۆمەتبارێکی دیکە دەستگیر کراوە، کە دانیشتووی شارۆچکەی هەریرە و بەپێی ماددەی (430) لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە، ئەو تۆمەتبارە لە ڕێگەی هەژمارێکی ساختەی فەیسبووکەوە بە ناوی (Bexall Jamal) خۆی وەک ئافرەت ناساندووە و پیاوانی هەڵخەڵەتاندووە، پاشانیش هەڕەشەی لێکردوون و لە بەرامبەر سڕینەوەی وێنە و گرتە ڤیدیۆکانیاندا پارەی لە چەندین کەس وەرگرتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئێستادا تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە، هاوکات پۆلیسی گەرمیان داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی سنوورەکە دەکات هەر کەسێک لەلایەن ئەم هەژمارەی فەیسبووکەوە هەڵخەڵەتێنراوە و بووەتە قوربانی، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکات بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارەکە.







