ڕێکخراوی کەشناسیی ژاپۆن چەند خولەکێک دوای بڵاوکردنەوەی ئاگادارکردنەوەیەکی هەڵە دەربارەی ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی مەترسیدار بە بەرزی ۹٫۹ پلەی ڕیشتەر، لە هاووڵاتیان داوای لێبوردن کرد؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ئاگادارکردنەوەیە بووە هۆی وەستانی کاتیی ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی.
دوای ئەوەی ڕێکخراوی کەشناسیی ژاپۆن دەربارەی ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی مەترسیدار بە بەرزی ۹٫۹ پلەی ڕیشتەر لە نزیکی دوورگەکانی کوریل (کە بە دوورگەکانی چیشیما ناسراون) ئاگاداری دا و وای کرد زەنگی ئاگادارکردنەوەی فریاکەوتن لەسەر مۆبایلی ملیۆنان هاووڵاتی چالاک بکرێت، کەمێک دواتر ئاگادارکردنەوەکەی هەڵوەشاندەوە.
ئەم ڕێکخراوە دواتر ڕوونی کردەوە کە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، بوومەلەرزەیەکی ڕاستەقینە بە بەرزی ۶٫۹ پلەی ڕیشتەر لە کەناری دوورگەی کامچاتکای ڕووسیا لە قوڵایی ۱۶۰ کیلۆمەتر ڕوویداوە، بەڵام هەڵەی سیستەم لە دیاریکردنی ناوەندی بوومەلەرزەکە بووە هۆی دەرکردنی ئەم ئاگادارکردنەوە هەڵەیە.
شینیا تسوکادا، یەکێک لە بەرپرسانی ڕێکخراوی کەشناسیی ژاپۆن، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: «بەهۆی ناڕەحەتی و نیگەرانییە گەورەیەکەی بۆ هاووڵاتییەکانمان دروستمان کرد، بە قووڵی داوای لێبوردن دەکەین.» هەرچەندە ئەم ئاگادارکردنەوەیە نەبووە هۆی ترس و تۆقاندنی گشتی، بەڵام دوای خۆی تێکچوون و وەستانی کاتیی ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی هێنا.
شایەنی باسە کە ژاپۆن هێشتا بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ساڵی ۲۰۱۱ بە بەرزی ۹٫۰ پلەی ڕیشتەر لە یادە، کە دوای خۆی سونامێیەکی بەهێزی لێکەوتەوە و نزیکەی ۱۸ هەزار و ۵۰۰ کوژراو و ونبووی بەجێهێشت و بووە هۆی کارەساتەکەی وێستگەی ئەتۆمیی فوکوشیما. میدیا ناوخۆییەکانی ژاپۆنیش ئاماژەیان کردووە کە ئەگەر بوومەلەرزەیەک بە بەرزی ۹٫۹ پلەی ڕیشتەر ڕووبدات، وزەکەی ۲۲ هێندەی بوومەلەرزەی ساڵی ۲۰۱۱ دەبێت.







