تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسێکی سعوودییەوە بڵاوی کردەوە، سعوودیە ئامادەکاری دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی هەماهەنگیکراوی میلیشیا عێراقییەکان و حوسییەکان، کە پێشبینی دەکرێت دامەزراوەکانی وزە، بەندەر و فڕۆکەخانەکان بکەنە ئامانج.
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی سعوودیە، ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، ئەم هێرشانە لەژێر چاودێری سوپای پاسدارانی ئێراندا دەبن و ئەگەری هەیە لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا ڕوو بدەن.
بەرپرسە سعوودییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕیاز چەندین کۆبوونەوەی لە نێوان میلیشیا عێراقییەکان، حوسییەکان و ئەندامانی سوپای پاسداران ئاشکرا کردووە، هاوکات جووڵەی درۆن و مووشەکەکانیشیان تێبینی کردووە.
ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە: سعوودیە هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک دەگرێتەبەر، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.







