وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایگەیاند دەرچووانی پەروەردەی ئیسلامیی سەر بەو وەزارەتە دەتوانن بەپێی پسپۆڕی و ئاراستەکەیان لە زانکۆکانی کوردستان درێژە بە خوێندنیان بدەن.
ڕۆژی سێشەممە ۲۷ ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان، بەدواداچوون و جەختکردنەوە بەردەوامەکانی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و دوای بەڕێوەبردنی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، نامەیەکی فەرمی بۆ هەموو زانکۆکانی کوردستان نێردرا بۆ ڕاگەیاندنی ڕەزامەندییان لەسەر وەرگرتنی دەرچووانی پەروەردەی ئیسلامیی سەر بەو وەزارەتە، بەپێی پسپۆڕی و ئاراستەکەیان.
لەو ڕاگەیەندراوەدا سوپاسی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە کە بۆ پاراستنی مافەکانی دەرچووانی پەروەردەی ئایینی و گەیشتن بەو بڕیارە پێویستە بۆ بەرژەوەندی خوێندکاران، هاوکارییان کردووە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو خوێندکارانە کراوە کە لە زانکۆکان وەردەگیرێن و هیوا بۆ سەرکەوتن و سەربەرزییان خوازراوە.







