لە نزیک کۆشکی سپی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا و بەهۆیەوە باری نائاسایی ڕاگەیەندرا و هێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و دوو چەکدار لە نزیک کۆشکی سپی ڕوویداوە. لە ئەنجامی گۆڕینەوەی تەقەکان، یەکێک لە چەکدارەکان بە برینداری دەستگیرکراوە و بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە، هاوکات باس لە برینداربوونی کەسێکی دیکەش دەکرێت کە گومان دەکرێت یەکێک بێت لە تەقەکەرەکان.
کۆشکی سپی دڵنیایی داوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەتەواوی سەلامەتە و لە ئێستادا لە شوێنێکی پارێزراودایە.
بەهۆی هەبوونی مەترسییەوە، کۆشکی سپی بەڕووی هاتوچۆدا داخرا و هێزە ئەمنییەکان لەسەر باڵەخانەی کۆشکی سپی و تەواوی ناوچەکانی دەوروبەری جێگیرکران. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانییەکانی دیکەی ڕووداوەکە و هۆکاری پشت تەقەکردنەکە بڵاونەکراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.







