دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پشتیوانیی تەواو و بێ مەرجی خۆی بۆ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 27ـی تشرینی یەکەمی 2026 ڕاگەیاند.
ترەمپ لە پەیامێکدا نەتەنیاهۆی بە "شەریکێکی نایاب لە بەدیهێنانی ئاشتی" و "سەرۆکوەزیرانێکی جەنگاوەری ناوازە" ناو برد. لە بەرامبەردا نەتەنیاهۆ سوپاسی ترەمپی کرد و جەختی لەسەر بەردەوامیی کارکردنی هاوبەش بۆ "لەناوبردنی هەڕەشەی ئێران" کردەوە.
ئەم پشتیوانییەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ڕاپرسییەکان ئاماژە بە کێبڕکێیەکی توند دەکەن لە نێوان نەتەنیاهۆ و سەرەکیترین ڕکابەرەکەی، گادی ئایزینکۆت. ئایزینکۆت ڕەخنەی لە هەڵوێستەکەی ترەمپ گرت و ڕای گەیاند: "ئیسرائیل وڵاتێکی دیموکراتە و تەنها هاووڵاتییانی خۆی دەتوانن سەرکردەکانیان هەڵبژێرن."
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداری دا کە نەتەنیاهۆ هەوڵ دەدات ئەمەریکا بەرەو شەڕێکی نوێ ببات و جەختی کردەوە کە هەر هەوڵێکی لەو جۆرە کاردانەوەی توندی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە.
جێگەی باسە ئەم هەڵبژاردنە یەکەم هەڵبژاردنی ئیسرائیلە لە دوای هێرشەکانی حەماس و دەستپێکی جەنگی کەرتی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023. نەتەنیاهۆ کە لە کانوونی یەکەمی 2022ـەوە گەڕاوەتەوە بۆ پۆستەکەی، بە یەکێک لە درێژخایەنترین سەرۆکوەزیرانی مێژووی ئیسرائیل دەژمێردرێت.







