دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پشتگیریی تەواو و بێمەرجی خۆی لە بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ۲۷ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۶ ڕاگەیاند.
ترامپ لە پەیامێکدا نەتانیاهوی بە «هاوبەشێکی نایاب لە بەدیهێنانی ئاشتی» و «سەرۆکوەزیرانێکی جەنگاوەر و بێوێنە» وەسف کرد. لە بەرامبەردا، نەتانیاهو سوپاسی ترامپی کرد و جەختی لە بەردەوامبوونی هاوکاریی هاوبەش بۆ «لەناوبردنی هەڕەشەی ئێران» کردەوە.
ئەم پشتگیرییەی ترامپ لە کاتێکدایە کە ڕاپرسییەکان لە ملمڵانێیەکی زۆر نزیک لەنێوان نەتانیاهو و جدیترین ڕکابەرەکەی، گادی ئایزەنکۆت، هەواڵ دەدەن. ئایزەنکۆت ڕەخنەی لە هەڵوێستی ترامپ گرت و وتی: «ئیسرائیل وڵاتێکی دیموکراتیکە و تەنها هاووڵاتیانی خۆی دەتوانن ڕابەرەکانی خۆیان هەڵبژێرن.»
لە لایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، ئاگاداری دا کە نەتانیاهو هەوڵ دەدات ئەمریکا بەرەو جەنگێکی نوێ ڕابکێشێت و جەختی کردەوە کە هەر هەوڵێک لەم بوارەدا ڕووبەڕووی وەڵامدانەوەی توندی ئێران دەبێتەوە.
شایانی باسە کە ئەم هەڵبژاردنە، یەکەمین هەڵبژاردنی ئیسرائیلە دوای هێرشەکانی حەماس و دەستپێکردنی جەنگی غەزە لە ۷ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۳. نەتانیاهو، کە لە کانوونی یەکەمی ۲۰۲۲ەوە گەڕاوەتەوە سەر کورسی دەسەڵات، بە یەکێک لە درێژخایەنترین سەرۆکوەزیرانەکانی مێژووی ئیسرائیل دادەنرێت.







