ڕۆژنامەی ئەمریکی «والستریت ژوورنال» ئاشکرای کرد کە بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل، فشاری زۆر لەسەر ئەمریکا دەخات بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان لە ناوخۆی ئێران؛ لە بەرامبەردا، کۆشکی سپی جەختی کردووەتەوە کە پێش هەڵبژاردنە ناوەڕاستییەکان هیچ هێرشێک ئەنجام نادرێت.
ئەم ڕۆژنامەیە بە گواستنەوە لە وتەبێژی کۆشکی سپی بڵاویکردەوە کە ئەمریکا پێش هەڵبژاردنە ناوەڕاستییەکان هێرش ناکاتە سەر ئێران. لە هەمان کاتدا، بەرپرسانێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەیان بەوە کردووە کە بە گرنگی و وریایییەکی زۆرەوە سەیری مەترسییەکانی قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکان دەکەن، بەتایبەتی لە سێبەری هەڕەشە بەردەوامەکانی دوناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، و پافشاری تاران لەسەر ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی واشنگتن.
بەپێی زانیارییەکانی والستریت ژوورنال، نەتانیاهو هێشتا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ قایلکردنی ئەمریکا بە دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ ناوەوەی خاکی ئێران و لەم چوارچێوەیەدا، ئیسڕائیل بە پشتبەستن بە زانیارییە نهێنییەکان، لیستێکی ئامانجە پێشنیارکراوەکانی بۆ بۆمبارانکردن پێشکەشی پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، کردووە.







