بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کرد کە دوناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لەلایەن پەنتاگۆنەوە لە ئاگاداریی چەندین هەڵبژاردەی سەربازی دژی ئێران دانراوە کە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەم وڵاتەشی لەخۆ دەگرێت.
ڕۆژنامەی «وۆڵ ستریت ژوڕناڵ» بە پشتبەستن بە قسەکانی بەرپرسانی ئەمریکی ڕاپۆرتی دا، هەڵبژاردە سەربازییەکانی کە لەبەردەم ترامپ دانراون، هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکان، ژێرخانی سەرەکی (وەک پردەکان) و ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر دوورگەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئێران لەخۆ دەگرن. لە هەمان کاتدا، ترامپ ئارەزووی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان دەکات، هەرچەندە تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەم بارەیەوە نەدراوە.
لە هەمان کاتدا، ڕەخنەگرەکان هۆشداری دەدەن کە هێرشی مووشەکی ناتوانێت تاران ناچار بکات لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەست هەڵبگرێت، بەڵکو دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی نرخی وزە لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
ئەم ڕۆژنامەیە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بە تازەیی بارێکی گەورە لە مووشەکە هێرشبەرە دوورمەوداکانی زەویی و بۆمبی قورسە سنگەرشکێنەکان گەیشتووەتە کەشتیی هەڵگرە فڕۆکەی «USS George Washington» لە دەریای عەرەب، کە ئەمە نیشانەی ئامادەبوون بۆ بۆمبارانێکی بەرفراوانە. لە ئێستادا، ۲ کەشتیی هەڵگرە فڕۆکە ئەمریکییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرن و کەشتیی سێیەمیش لە ئۆقیانووسی ئارامەوە بەرەو ناوچەکە دەجوڵێت.







