دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا هۆشداریی بەپەلە دەدەنە هاووڵاتییانی خۆیان لە چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لە سعوودیە، قەتەر، ئیمارات و ئیسرائیل، سەبارەت بە هەڵکشانی مەترسیی پێکدادان و گرژییە ناوچەییەکان بەهۆی هێرشەکانی حووسییەکانەوە.
ئەم ئاگادارییە ئەمنییە لە ماڵپەڕی فەرمیی باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا لە (ئیمارات، یەمەن، سعوودیە، قەتەر، عومان، لوبنان، کووەیت، ئوردن، ئیسرائیل، عێراق و بەحرێن) بڵاوکراوەتەوە، هەرچەندە ئاستی فەرمیی مەترسیی گەشتکردن وەک خۆی هێڵراوەتەوە و دەستکاری نەکراوە.
هاوکات، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیرووت لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداریی گەشتکردنی بۆ لوبنان نوێ کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، هەڕەشەکان بەهۆی هێرشەکانی حووسییەکانەوە ڕوویان لە زیادبوون کردووە، جەختیشی کردەوە کە هەردوو ناوچەی "زاحیە" و باشووری بەیرووت بە "ناوچەی زۆر مەترسیدار" هەژمار دەکرێن، ئەوەش بەهۆی مەترسیی ڕفاندن، تەقەمەنیی نەتەقیو و ئاڵۆزییە چەکدارییەکان.
لەلایەکی دیکەوە، تۆڕی هەواڵی "ئێن بی سی" (NBC)ی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، واشنتۆن بەشێک لە هێزەکانی لە بنکە سەربازییەکانی ئوردن، قەتەر و کووەیت دەکێشێتەوە. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش فەرمانی بە بەشێک لە دیپلۆماتکاران و خێزانەکانیان لە سعوودیە کردووە ئەو وڵاتە جێبهێڵن، ئەوەش پاش زنجیرەیەک هێرش کە لەم دواییانەدا کرانە سەر شانشینەکە.







