توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا و ڕێکخراوی ناسا ئاشکرایان کرد کە کاریگەری سەهۆڵبەندی «ثوایتس» (Thwaites)، کە بە سەهۆڵبەندی «ڕۆژی دوایین» ناسراوە، لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان دوو هێندەی پێشبینییەکانە و تا ساڵی ۲۱۰۰ی زایینی، دەبێتە هۆی زیادبوونی ۳۰ میلیمەتر لە ئاستی ئاوی ئۆقیانوسەکاندا.
توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئێرڤاین و تاقیگەی پاڵنانی جێت، سەر بە ناسا، دۆزیویانەتەوە کە بەشداریی گەورەترین سەهۆڵبەندی سەر زەوی، بە ناوی «ڕۆژی دوایین»، لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئۆقیانوسەکان دوو هێندەی هەڵسەنگاندنە پێشووترەکان دەبێت. بەپێی گۆڤاری (Nature Communications)، تەنانەت بەبێ زیادبوونی زیاتر لە پلەی گەرمی زەوی، بەشداریی ئەم سەهۆڵبەندییە لە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان تا ساڵی ۲۱۰۰ دەگاتە ۳۰ میلیمەتر، لە کاتێکدا پێشبینییە پێشووترەکان نیوەی ئەم بڕە بوون.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە کە داتاکانی تۆڕی مانگەدەستکردی (ICEYE)ی فینلەندا لە ۲۰ ساڵی ڕابردوودا، بنەمای ئەم پێشبینییە نوێیە بووە؛ بە شێوەیەک کە تۆمار کراوە ئاوی گەرمەکەی دەریا چەندین کیلۆمەتر بە ژێر بنەمای ئەم سەهۆڵبەندییەدا دەچێت و لە کاتی زەبری مەوجدا هەڵی دەبێتەوە، و مەوجە گەرمەکان خێرایی توانەوەکەی لە بەشی بنەڕەتدا زیاد دەکەن.
سەهۆڵبەندی «ثوایتس» بەهۆی ئەوەی گەورەترین سەهۆڵبەندیی سەر زەوییە و پانییەکەی دەگاتە نزیکەی ۱۲۰ کیلۆمەتر و یەکسێیەکی هەموو سەهۆڵە لەدەستچووەکانی باشووری زەوی پێکدەهێنێت، بە «ڕۆژی دوایین» ناوبانگ بووە. بەڵام بەگوێرەی وتەی ماتیا پوینێلی، توێژەری تاقیگەی ناسا، لە ئێستادا زنجیرەچیاکانی «موگینو» ڕێگرە لە خلیسکان و کەوتنی ئەم سەهۆڵبەندییە بۆ ناو ئۆقیانوس، هەرچەندە مۆدێلە کۆمپیوتەرییەکان ئەگەری ۶۰ لە سەدا ڕووخانی ئەم زنجیرەچیاکانە تا کۆتایی سەدەی بیستویەکەم نیشان داوە.
لە کۆتایی ئەم ڕاپۆرتەدا، ئەریک ڕینو، پرۆفیسۆری زانستەکانی زەوی لە زانکۆی کالیفۆرنیا، جەختی کردووەتەوە کە مۆدێلە نوێیەکە، بەهۆی لەخۆگرتنی گشتگیرترین شێوازەکانی پرۆسە فیزیکییەکان، توانای ئەوەی هەیە بە تەواوی پرۆسەی توانەوەی سەهۆڵبەندییەکە شبیهسازی بکات و پێشبینییەکانی دوو هێندە وردتر و متمانەپێکراوترن لە مۆدێلە پێشووترەکان.







