ڕۆژنامەی ''وۆڵ ستریت جۆرناڵ''ی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گوشارێکی چڕ دەخاتە سەر ئەمەریکا بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان لەناوخۆی ئێران، لە بەرامبەریشدا کۆشکی سپی دووپاتیکردووەتەوە کە بەر لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول، هیچ هێرشێک ئەنجام نادرێت.
ڕۆژنامەکە لە زاری گوتەبێژی کۆشکی سپییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەمەریکا پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول هێرش ناکاتە سەر ئێران. هاوکات بەرپرسانی هەرێمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەیان بەوە کردووە، بەوپەڕی بایەخ و هۆشیارییەوە لە مەترسییەکانی تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان دەڕوانن، بەتایبەت لە سایەی هەڕەشە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و پێداگریی تاران لە رەتکردنەوەی داواکارییەکانی واشنتن.
بەپێی زانیارییەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ناتەنیاهۆ بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ قایلکردنی ئەمەریکا تاوەکو هێرشە سەربازییەکانی سەر قووڵایی خاکی ئێران دەستپێبکەنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئیسرائیل، لەسەر بنەمای زانیارییە هەواڵگرییەکانی، لیستێکی لە کۆمەڵێک ئامانجی پێشنیازکراو بۆ لێدان و بۆردوومانکردن پێشکەشی پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا کردووە.







