بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەلایەن پێنتاگۆنەوە لە چەندین بژاردەی سەربازیی دژ بە ئێران ئاگادار کراوەتەوە، کە لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەش لەخۆدەگرێت.
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆڕناڵ" لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە، ئەو بژاردە سەربازییانەی خراونەتە بەردەم ترەمپ، لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان، ژێرخانە سەرەکییەکان (وەک پردەکان) و ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئەو دوورگانەی لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندان لەخۆدەگرێت. هاوکات ترەمپ مەیلی بەرەو دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان هەیە، هەرچەندە تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە نەدراوە.
هاوکات، ڕەخنەگران هۆشداری دەدەن کە هێرشی مووشەکی ناتوانێت تاران ناچار بە دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات، بەڵکو دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەم دواییانەدا بارێکی گەورەی مووشەکی دوورمەودای هێرشبەری زەمینی و بۆمبی قورسی دژەپەناگە گەیشتووەتە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن" لە دەریای عەرەب، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئامادەکاری بۆ بۆردومانێکی بەرفراوان، هاوکات لە ئێستادا 2 کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرن و کەشتییەکی سێیەمیش لە زەریای هێمنەوە بەرەو ناوچەکە لە جووڵەدایە.







