ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکرانیا، بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند گفتوگۆیەکی هەستیار و دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە وڵاتەکەی، گەیشتە شاری ئۆسلۆ، پایتەختی نەرویج، و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکان و دەستەیەکی بەرزی ئەمریکا بەڕێوەبرد.
سەرۆککۆماری ئۆکرانیا سەرەتا لەگەڵ «یۆناس گار ستورە»، سەرۆکوەزیرانی نەرویج، و «ئەڵێکساندەر ستوب»، سەرۆککۆماری فینلەندا، دیداری کرد و دواتر لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا بە بەشداری «ستیڤ ویتکۆف»، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا، و «جارد کوشنەر»، دانوستانکارکاری ئەمریکایی، لەگەڵ نوێنەرانی ئەڵمانیا، یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانی ناتۆ بەشدار بوو.
بابەتە سەرەکییەکانی ئەم گفتوگۆیانە بریتی بوون لە: دابینکردنی گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئۆکرانیا، دیاریکردنی چارەنووسی سزا گەمارۆدراوەکان بەسەر ڕووسیا و دانانی ڕێکخستنە ئەمنییەکانی ئەوروپا لە قۆناغی دوای جەنگدا. لە هەمان چوارچێوەدا، سەرۆکوەزیرانی نەرویج ئاشکرای کرد کە دوای ئەم کۆبوونەوانە، «ستیڤ ویتکۆف»، نێردراوی ئەمریکا، بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا، بەرەو شاری سانپێتەرزبۆرگ دەڕوات.
لە لایەکی دیکەوە، زێلێنسکی ئاشکرای کرد کە ئەمریکا دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن، لەوانە «مارکۆ ڕوبیۆ»، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، جارێکی دیکە دەستیکردووەتەوە بە پێشکەشکردنی زانیاری بە کییێڤ سەبارەت بە هێرشەکانی ڕووسیا؛ بە تایبەتی لە بوارى ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ پاراستنی هاووڵاتییە مەدەنییەکان. ئەو لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی خۆی بە دۆڕاو نازانێت و لەسەر بەدەستهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە سوورە.
ئەم چالاکییە دیپلۆماسییە چڕانە لە ئۆسلۆ دوای ئەوە ئەنجام دەدرێن کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا، پەیوەندییەکان لەنێوان واشنتن و کییێڤ بەهۆی دواخستنی گەیاندنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، کێشەکانی خزمەتگوزاری ستارلینک و هەنگاوەکانی حکومەتی ترامپ بۆ کەمکردنەوەی بەشێک لە گەمارۆکان بەسەر موسکۆ، تووشی ساردبوونەوە و ئاڵۆزی بووبوو.







