وڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکرانیا، ڕایگەیاند کە لە جێری زنجیرە هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنی هێزەکانی ڕووسیا لە ماوەی شەوێکدا، زیانێکی قورس و وێرانکەر بە ژێرخانە سەرەکییەکانی وزەی وڵاتەکەی گەیشتووە و بۆیە ٢٨ پۆستی لاوەکیی کارەبا و دامەزراوە هەستیارەکان بە تەواوی لە خزمەتگوزاریدا دەرچوون.
سەرۆککۆماری ئۆکرانیا لە پەیامێکدا دوای کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئۆنلاین لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان و بەرپرسانی بەشی وزە، ئاشکرای کرد کە ئەم بۆمبارانە ناوچەیەکی فراوانی گرتووەتەوە، بە شێوەیەک کە لە شاری «ریڤنە» تۆڕی سەرەکیی کارەبا بە تەواوی کراوەتە ئامانج و بووەتە هۆی پچڕانی دەستبەجێی کارەبا لە هەموو شار و دەوروبەرەکەیدا. لە هەمان کاتدا لە پارێزگای «ژیتۆمیر» بەنەماڵەیەکی سەرەکی لە کار کەوتووە و بووەتە هۆی فلجکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەگەڵ گەیشتنی زیانێکی قورس بە ژێرخانەکانی پارێزگاکانی «ڤینیتسیا، خمیلنیتسکی و ئۆدێسا» کە لە ئەنجامدا دەیان هەزار هاووڵاتی لە بەهرەمەندبوون لە کارەبا بێبەش بوون.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، هێرشە توندەکانی ڕووسیا بە وردییەکی زۆر بەرز، ترانسفۆرماتۆرە گەورەکان و ژوورەکانی کۆنترۆڵی وێستگەکانی کارەبایان کردووەتە ئامانج؛ ئەو وێستانگەیەی ئەرکیان کەمکردنەوەی ڤۆڵتاژی بەرز و دابەشکردنی کارەبای بەرهەمهاتوو لەنێوان شارەکان و پیشەسازییە سەربازییەکان بووە. شارەزایان هەروەها ئاگاداری دەدەن کە دروستکردن و گواستنەوەی ئەم جۆرە کەرەستانە دەگمەنە پێویستی بە چەند مانگێک کات هەیە و ئەمە، نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی تۆڕی کارەبای ئۆکرانیا لە بەرەبەری وەرزی زستاندا زۆر ئاڵۆز دەکات.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند کە بۆمبارانکردنی وێستگەکانی کارەبا بۆ پچڕاندنی کارەبا لەو دامەزراوە سەربازی و کارگە پیشەسازییانە بووە کە ڕاستەوخۆ خزمەت بە بەشی بەرگری و هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا دەکەن.







