سەرۆکی ئۆکرانیا لە سەرکردەکانی ئەوروپا داوا کرد بۆ بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی ڕووسیا، بڕی ۷۰ میلیارد یۆرۆ یارمەتیی داراییی زیادە بۆ ساڵی داهاتوو دابین بکەن.
ڕۆژی هەینی ۱۶ ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶، ڤۆلۆدیمیر زەلەنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە وتارەکەیدا لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرانی یەکێتیی ئەوروپا لە بروکسێل ڕایگەیاند: «ساڵی داهاتوو تێچووی جەنگ دەگاتە ۱۵۵ میلیارد یۆرۆ و بۆ بەرگری، کڕینی چەک و بەهێزکردنی خۆڕاگرییەکەمان، لانیکەم پێویستمان بە ۷۰ میلیارد یۆرۆی ترییە لەلایەن ئێوەوە، کە هاوتای ۷۹ میلیارد دۆلارە.»
بەپێی دەقی وتارەکەی کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی «ئیکس» بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکی ئۆکرانیا وتوویەتی: «ئەمە بڕێکی ڕاستەقینەیە و لە ئێوە داوا دەکەم ئەم پشتگیرییەمان بۆ دابین بکەن، کە یارمەتیمان دەدات لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووسیا. لە بەرامبەردا، سەرکردە ئەوروپییەکان ئاماژە دەکەن کە پشتگیریی دارایی و سەربازیی ئەمساڵی ئۆکرانیا مسۆگەر کراوە، بەڵام بۆ ساڵی (۲۰۲۷) هێشتا بە تەواوی دابین نەکراوە.
پێشتر یەکێتیی ئەوروپا ڕەوانەکردنی قەرزێکی بەهای (۹۰) میلیارد یۆرۆ بۆ هەر دوو ساڵی ۲۰۲۶ و ۲۰۲۷ بۆ ئۆکرانیا تەرخان کردبوو، کە ۴۵ میلیاردی بۆ ساڵی داهاتووە؛ بەڵام ئەم بڕە بەس نییە و وڵاتانی ئەوروپی بەدوای سەرچاوەی نوێدا دەگەڕێن. لە هەمان چوارچێوەدا، پێش دەستپێکردنی ئەم کۆبوونەوەیە لە ڕۆژی پێنجشەممە، فریدریش مێرتس، سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا، ڕایگەیاندبوو: «پێویستە جارێکی تر پشتگیریی دارایی زیاد بکەین تا بتوانین بە شێوەیەکی بەردەوام و کاریگەر پشتگیریی ئۆکرانیا بکەین.»







