ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند: ڕووداوێکی مەترسیدار لە بنکەی هێزەکانی کەنەدا لە "وەینڕایت" ڕوویداوە، کە دەکەوێتە دووریی نزیکەی 210 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری ئێدمۆنتۆن لە باکووری پارێزگای ئەلبێرتا و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە ناو بنکەکەدا.
لای خۆشییەوە، دەیڤید ماکگینتی، وەزیری بەرگریی کەنەدا پشتڕاستی کردەوە، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا لە ناو بنکە سەربازییەکە ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون، بێ ئەوەی ئاماری وردی قوربانییەکان یان هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکە ئاشکرا بکات، هاوکات ناوبراو دۆخەکەی بە زۆر هەستیار وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا، پۆلیسی سوارەی شاهانەی کەنەدا بەشداری لە لێکۆڵینەوەکاندا دەکات.
وەزیری بەرگری ئەوەشی خستە ڕوو، هێزە چەکدارەکانی کەنەدا لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵی، هەرێمی و خۆجێییەکان سەرقاڵی هەماهەنگیکردنی هەوڵەکانی فریاگوزارین، هەروەها شارۆچکەی "وەینڕایت"ـی نزیک لە بنکەکە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەکان و ناردنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەوە پاڵپشتی پێشکەش دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، شارەوانیی "وەینڕایت" ڕایگەیاند، ئاگرەکە لە سنووری پەرژینی بنکە سەربازییەکە پەڕیوەتەوە و بەهۆی بای بەهێزەوە بە خێرایی تەشەنە دەسێنێت، هاوکات تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە چەندین لایەنی جیاوازەوە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە دەرنەچووە.







