وەزارەتی فریاگوزاری و بەڕێوەبردنی کارەساتەکان ڕایگەیاند، ئەو لافاو و بارانبارینە بەخوڕەی چەند پارێزگایەکی سووریای گرتووەتەوە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 5 هاووڵاتی، کە 4ـیان منداڵن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، گیانلەدەستدانەکان لە ناوچەکانی گوندنشینی پارێزگاکانی "ڕەققە" و "دێرەزوور" تۆمار کراون. هاوکات 5 کەسی دیکەش لە گوندنشینی پارێزگاکانی "ڕەققە"، "دێرەزوور" و "حەلەب" بێسەروشوێن بوون و تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان بەدوایاندا.
لە لایەکی دیکەوە، تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە 25 کەس ڕزگاربکەن کە بەهۆی لافاوەوە لە پارێزگاکانی "ڕەققە"، "دێرەزوور" و "حومس" گیریان خواردبوو، یان ئۆتۆمبێلەکانیان لەناو ئاودا پەکیان کەوتبوو.
تیمە فریاگوزارییەکان هۆشداری دەدەن کە بەهۆی بەردەوامیی کەشوهەوای ناسەقامگیر، مەترسیی لافاوی زیاتر لە ناوچە نزمەکاندا هەیە و داوا لە هاووڵاتییان دەکەن پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەکان بن.







