بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری، سەرجەم ئەنجامدەرانی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کڵێسای کەرەکیان لە ناو خانوویەکی چۆڵکراودا بە برینداری دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی "پێترا" بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی هاوبەشدا توانییان هەرسێ تیرۆریستی ئەنجامدەری هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کڵێسای کەرەک بە برینداری دەستگیر بکەن، دوای ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوانیاندا ڕوویدا، بەبێ ئەوەی هیچ برینداربوونێک لە ڕیزەکانی هێزە ئەمنییەکاندا تۆمار بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنین لە ساتەوەختی ئەنجامدانی تاوانەکەوە بەردەوام بوو، تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ شوێنی خۆحەشاردانی هەر سێ ئەنجامدەری هێرشەکە لە ناو خانوویەکی چۆڵکراودا لە پارێزگای کەرەک دەستنیشان کرا.
ئاسایشی گشتیی ئوردن ڕوونیکردەوە، تۆمەتبارەکان لە ناو خانووەکەدا خۆیان قایم کردبوو و ڕەتیانکردەوە خۆیان بەدەستەوە بدەن و دەستیان بە تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان کرد، بۆیە ڕێساکانی ڕووبەڕووبوونەوەیان بەرامبەر پەیڕەو کرا تاوەکو دەستبەسەر کران، هاوکات ئاماژە بەوەش دراوە، دوای پشکنینی شوێنەکە، دەست بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنیدا گیراوە کە لە لای ئەو سێ تیرۆریستە بوون.







