وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وتووێژەکانیان لەگەڵ سوڵتانی نشینی عومان تەنها پەیوەستە بە بارودۆخی گەرووی هورمز و لە ئێستاشدا گفتوگۆ لەسەر ئەگەری کردنەوەی ڕێڕەوێکی کاتی لەو ناوچەیەدا دەکەن.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: گفتوگۆکانمان لەگەڵ عومان تەنها لە چوارچێوەی گەرووی هورمزدایە و هەوڵ بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی کاتی دەدەین، بەڵام بە هیچ شێوەیەک دان بە ڕێڕەوی باشووریی عوماندا نانێین لە گەرووەکەدا.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا و گوتی: ئەگەر عومان ڕەزامەند نەبێت لەسەر پێشنیازەکەی ئێمە سەبارەت بە ڕێڕەوی تێپەڕبوونی کەشتییەکان، ئەوا گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەو.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی لەوە کردەوە، کە یاسا و ڕێساکانی گەرووی هورمز لە کاتی جەنگدا جیاوازن لە کاتی ئاشتیدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئەگەری هەڵگیرسانی هەر جەنگێکدا، ئێران بە تەواوی کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووەکە دەکات.







