فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی تاران، تەنگەی هۆرموز بەڕووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا کراوە ماوەتەوە و گەمارۆی دەریایی بەسەردا سەپێنراوە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.
براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکام، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕوونی کردەوە کە ئەمریکا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانی کۆنترۆڵی ئەم تەنگەیەی بەدەستهێناوە؛ بە شێوەیەک کە تەنها لە حەوت ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ۴۰۰ کەشتیی بازرگانی بە سەلامەتی لە تەنگەکە تێپەڕیون و یارمەتی هاوپەیمانان دراوە بۆ گواستنەوەی زیاتر لە ۱۰۰ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی.
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی بەردەستەکەی بە بێبەرهەمکردنی مینە دەریاییەکان و پاراستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بەردەوامن. فەرماندەی سێنتکام سوپای پاسدارانی ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرش لەسەر کەشتییە مەدەنییەکان تۆمەتبار کرد و ئاشکرای کرد کە بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی، لە مانگی شوباتەوە زیاتر لە ۲۰ کەشتیوانی مەدەنی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.
کوپەر لە ڕوانگەی ئابووریشەوە جەختی کردەوە کە هەنگاوە سەربازی و دەریاییەکانی ئەمریکا ڕێگرییان لە هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران بە بەهای کەمەکەی ۲۵ ملیار دۆلار کردووە و لە هەمان کاتدا ۳۵۰ ملیۆن دۆلار سەرمایەی دراوەی دیجیتاڵ دەستبەسەر کراوە. بە گوتەی کوپەر، ئەم سزا ئابوورییانە لەگەڵ کەمپەینی سەربازیی ۳۸ ڕۆژی ڕابردوو، کە بنکەکانی مووشەکە بالیستیکییەکان، درۆنەکان و هێزی دەریایی ئێرانی کردبوونە ئامانج، زیانێکی گەورەیان بە ژێرخانی ئاسایشی سپای پاسداران گەیاندووە؛ بە شێوەیەک کە توانای تاران بۆ دابینکردنی بودجەی گرووپە چەکدارەکان کەم کردووەتەوە و کێشەی نەدانی مووچە و سوودە داراییەکان لە بەشی نەوت، پیشەسازی و هێزە ئاسایشییە ناوخۆییەکانی ئێران دروست کردووە.
لە کۆتاییدا، ئەو جەختی کردەوە کە زیاتر لە ۵۰ هەزار سەربازی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مەأموریەتدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە جووڵەیەک لەلایەن تارانەوە و پاراستنی ئاسایشی دەریایی.







