عباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند کە تەنگەی هۆرموز تا ئەو کاتەی لەگەڵ ئەمریکا بە تێگەیشتنێکی فەرمی نەگەن، داخراو دەمێنێتەوە و هەر کەشتییەک هەوڵی تێپەڕین بدات، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە و ئەمنی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ۲۱ ئۆکتۆبەری ۲۰۲۶، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا واشینگتنی تۆمەتبار کرد بە فلجکردنی ڕێڕەوی دیپلۆماسی و جەختی کردەوە کە پابەندبوونی واشینگتن بە یادداشتی تێگەیشتنی ئیسلامئاباد، مەرجی سەرەکیی هەنگاونان بەرەو گفتوگۆیە؛ چونکە سێ خولی پێشووی گفتوگۆکان بە هێرش بۆ سەر تاران کۆتایی هاتب وە.
عەراقچی ڕوونی کردەوە کە ئامانجی دەستپێشخەریی حەوت ڕۆژە، بەکراوەهێشتنەوەی دەرگای دیپلۆماسی بوو، بەڵام ئەمریکا دەرگاکانی داخست.
سەبارەت بە دۆخی تەنگەی هۆرموز، عەراقچی دووبارە جەختی کردەوە کە نەبوونی ڕێککەوتن بە مانای بەردەوامبوونی سنووردارکردنەکان لەسەر هاتووچۆی دەریاییە و هۆشداری دا کە فشارەکانی ئەمریکا تاران ناچار بە ملکەچبوون ناکات و ئەگەر واشینگتن و ئیسرائیل دووبارە هێرش بکەن، هەموو هەڵبژاردەکان لەسەر مێز دەبن، هەرچەندە ئامادەیی سەربازیی ئێران تەنها لایەنی بەرگریی هەیە.
ناوبراو هەروەها دانیدا کە سزا ئابوورییەکان کاریگەرییە قورسەکانیان لەسەر بژێوی خەڵکی ئێران بەجێهێشتووە، بەڵام خەڵک لە پێناوی پاراستنی دەسەڵاتداری و سەربەخۆیی وڵاتەکەیان ئەم تێچوونە دەدەن.
لە بەشێکی تری ئەم گفتوگۆیەدا، سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور، عەراقچی ڕایگەیاند کە تاران بەشێک نییە لە ئەم زیادبوونەوەی ئاڵۆزییە و پێشڕەوییەکانی حوسییەکان بەرەو تەنگەی بابالمەندەب بۆ شکاندنی گەمارۆی یەمەن بووە؛ ئەو لە هەمان کاتدا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ناوبژیوانی لەنێوان حوسییەکان و عەرەبستانی سعودی دەربڕی.







