درەنگانی شەوی ڕابردوو بۆمبێکی چێندراو لە ناوەندی شاری دێرەزوور لە نزیک "پردی کۆن" تەقیوەتەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێبکەوێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی سووریا (سانا) بڵاوی کردەوە: درەنگانی شەوی ڕابردوو، بۆمبێکی چێندراو لە نزیک پردی کۆن (الجسر العتيق) لە شاری دێرەزوور لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا تەقیوەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیان و برینداربوونێکی لێبکەوێتەوە.
هاوکات کەناڵی تەلەفزیۆنیی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، دەنگی تەقینەوەیەک لە دەوروبەری پردی کۆن لە ناوەڕاستی شارەکە بیستراوە، دواتر دەرکەوت کە تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بووە، هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە چاندنی بۆمبەکە ڕانەگەیاندووە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە گوندەواری ڕۆژئاوای دێرەزوور بۆمبێکی لکێنراو لە ناو ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە بازگەی (جەزرەی ئەلبوحەمید) تەقییەوە و بووە هۆی سووتانی ئۆتۆمبێلەکە و برینداربوونی دوو کارمەندی ئەمنی، دواتریش بەشی بەڵگەکانی تاوان ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباران دەستیپێکردووە.
شایەنی باسە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا کوژرانی دوو ئەندام و برینداربوونی پێنج کەسی دیکەیان لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگای هەواڵگری لە شارۆچکەی "ڕەنکوس" لە گوندەواری ڕۆژئاوای دیمەشق ڕاگەیاندبوو، کە تێیدا شانەیەکی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان لە نزیک سنووری لوبنان کردبووە ئامانج.







