وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دۆخی گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش جەنگ و دەستەبەرکردنی ئارامیی ناوچەکە پێویستی بە چوونەدەرەوەی تەواوەتیی هێزە بیانییەکانە، هاوکات ئامادەیی ئێرانی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە دەربڕی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "دۆخی گەرووی هورمز بە هیچ شێوەیەک ناگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی کە پێش شەڕ هەبوو، هەروەها بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا پێویستی بە کۆتاییهێنانی یەکجارەکییە بە بوونی هێزە بیانییەکان".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، پێکهاتەی ئەمنیی بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە، کە پێشتر پشتی بە دەستێوەردانی بیانی بەستبوو، لە ئێستادا هەرەسی هێناوە، هاوکات گوتیشی: "بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ئاسایشیان بۆ هیچ کەسێک دەستەبەر نەکردووە، بەڵکوو بوونەتە هۆکاری ناسەقامگیری".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەباس عەراقچی پێشوازیی لە هەر هەنگاوێک کرد بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە لە ڕێگەی خودی دەوڵەتانی ناوچەکەوە و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەی دیالۆگە لەسەر ئەم پرسە، هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئێران هەمیشە جەخت لە پێویستیی بەدیهێنانی سەقامگیری و کۆتاییهێنانی هەمەلایەنە بە ململانێکان لە سەرجەم بەرەکاندا دەکاتەوە.







