گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، لە میانی سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ ئوردن چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئابووری واژۆ دەکرێن، هاوکات لەگەڵ پادشای ئوردن تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و فراوانکردنی ڕاوێژی هەرێمی دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند: عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستی بە سەردانە فەرمییەکەی بۆ شانشینی ئوردنی هاشمی کردووە و لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، پاشای ئوردن کۆدەبێتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و ئەو بەرپرسیارییەتییەی دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەتان.
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سەردانە واژۆکردنی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن بەخۆیەوە دەبینێت کە ئاسۆیەکی نوێ بەڕووی پڕۆگرامە ئابووری و گەشەپێدانە هاوبەشەکاندا دەکاتەوە لە پێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی هەردوو وڵاتدا.
حەیدەر عەبوودی ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجامدانی ئەم سەردانە لەم کاتەدا، ڕەنگدانەوەی دیدگەیەکی هاوبەشی نێوان بەغدا و عەممانە بۆ فراوانکردنی بازنەی ڕاوێژی عەرەبی و هەرێمی، کە پاڵپشت بێت بۆ ئەو ڕێگەچارانەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ گەلانی ناوچەکە دەستەبەر دەکەن.







