هێڵی ئاسمانیی عێراق بڕیاری دا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكان بۆ فڕۆكەخانەی بەیرووت رابگرێت، ئەمە دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشكردنە سەر باشووری شارەكەی كرد.
هێڵی ئاسمانیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: سەرجەم گەشتیاران ئاگادار دەكەینەوە كە لە ئێستادا گەشتەكان بۆ فڕۆكەخانەی بەیرووت راگیراون بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی شارەكە.
راشیگەیاند: بڕیاری وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ بەیرووت بۆ سەلامەتی گەشتیارانە كە ئێستا بارودۆخی ئەمنیی شارەكە جێگیر و سەلامەت نییە.
هێڵی ئاسمانیی عێراق جەختیشی كردەوە كە هەر كاتێك دۆخەكە ئاسایی بووەوە، گەشتە ئاسمانییەكان بۆ فڕۆكەخانەی بەیرووت دەست پێ دەكەنەوە و هەروەها هەواڵی دەستپێكردنەوەی گەشتەكانیش رادەگەیەنن.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە سوپای ئیسرائیل ئاگاداری هاووڵاتییانی باشووری بەیرووت كردەوە كە ماڵەكانیان چۆڵ بكەن، بەهۆی ئەوەی هێرش دەكاتە سەر چەند شوێنێكی ناوچەكە.







