دەستەی دەستپاکی دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەرپرسێکی پێشووی بەشی ژمێریاری لە سەڵاحەددین بە تۆمەتی بردن و دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی سێ ملیار دیناری سووتەمەنی ڕاگەیاند، هاوکات دۆسیەیەکی بەفیڕۆدانی سامانی گشتیی لە کڕینی ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی خورماتوو ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: بەپێی بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە پارێزگای سەڵاحەددین و بەپێی ماددەی (316) لە یاسای سزادان، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسێکی پێشووی بەشی ژمێریاری لە دیوانی پارێزگاکە دەرچووە، ئەوەش دوای ئەوەی بەدواداچوونی تیمەکانیان دەریخستووە کە ناوبراو دەستی بەسەر بڕی (دوو ملیار و 975 ملیۆن دینار)ـی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەی دابینکردنی سووتەمەنیی مۆلیدەی پڕۆژە و فەرمانگەکاندا گرتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکە پارەکەی لە لیژنەی کڕینی سووتەمەنی وەرگرتووە بەو بانگەشەیەی کە گوایە لەلایەن پارێزگارەوە بۆ ئەو کارە ڕاسپێردراوە، بەڵام دواتر ئامادە نەبووە پارەکە بگەڕێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کرد، لە دۆسیەیەکی جیاوازدا بەفیڕۆدانێکی گەورەی سامانی گشتییان لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سەڵاحەددین تۆمار کردووە، ئەوەش بەهۆی دابینکردنی کۆمەڵێک ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی خورماتوو بەبێ ئەوەی پێویستی پێیان بێت و دواتریش بەبێ بەستن و دانان بەجێهێڵدراون کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، هاوکات لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکەدا سستی و کەمتەرخەمی هەبووە.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانیان دەستیان بەسەر سەرجەم بەڵگەنامەکانی ئەو گرێبەستەدا گرتووە، کە ئامێرەکان پێکهاتوون لە: پێنج کورسیی وەرگرتنی خوێن، پێنج ئامێری هێڵکاریی دڵ، یەک هێلانەی تاقیگەیی (حازنە)، لەگەڵ سێ ئامێری سەنتەرفیوژ، لە ئێستاشدا داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی دارایی سەڵاحەددین کراوە بۆ خەمڵاندنی قەبارەی ئەو زیانەی لە کڕینی ئەو ئامێرانەدا بەر سامانی گشتی کەوتووە.







