فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کاتی سەردانێک بۆ ڕۆم و دیدار لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، ئاشکرای کرد کە ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و ئێران زیانێکی ئابووریی گەورەی بە عێراق گەیاندووە و بەهای ئەو زیانانە ۶۰ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.
لەو دیدارەی کە لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا بەڕێوەچوو، هەردوو لایەن پەیوەندییە دوولایەنەکان و ئاسۆکانی پەرەپێدانی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکان لە قۆناغی دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق تاوتوێ کرد. هەروەها، پەروەندە دارایی و سەربازییە هەڵواسراوەکان لەنێوان عێراق و حکومەت و کۆمپانیا ئیتالییەکان، کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشووتر، گفتوگۆیان لەسەر کرا.
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی کردەوە کە بەردەوامبوونی ئەم ناکۆکییە بووەتە هۆی توندبوونەوەی قەیرانی جیهانیی وزە و زیادبوونی مەترسییەکانی هەڵاوسان، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی زۆرێک لە وڵاتان، لەوانەش وڵاتانی ئەورووپی، داناوە.
فواد حوسێن سوپاسی حکومەت و خەڵکی ئیتالیا کرد بۆ پشتگیرییان لە عێراق لە جەنگی دژی تیرۆریستەکانی داعش، و بە تایبەتی ڕۆڵی ئیتالیا لە راهێنانی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی بە نرخ دانا.
وەزیری دەرەوەی عێراق داوا لە یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەورووپی، لەوانەش ئیتالیا، کرد تا ڕۆڵێکی کاریگەر لە پشتگیریی دەستپێشخەرییە ئاشتیخوازانەکان و نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی لایەنە ناکۆکەکان بگێڕن، بۆ ئەوەی لە توندبوونەوەی ناکۆکییەکان ڕێگری بکرێت.
دوو وەزیر جەختیان لە بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەبارەی ئەو پەروەندانەی بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە کرد و لە کۆتایی دیدارەکەدا، فواد حوسێن بانگهێشتییەکی فەرمی بۆ سەردانی عێراقی پێشکەشی هاوتای ئیتالیاییی خۆی کرد.







