تەهران – جێگری سیاسیی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە وتەیەکی هەڕەشەئامێزدا جەختی کردەوە کە لە کاتی هەر جۆرە دەستدرێژییەکی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ژێرخانەکانی وڵات، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێت کەیبڵە سەرەکییەکانی ئینتەرنێت لە تەنگی هۆرمز بکاتە ئامانج.
سەردار یەدۆڵا جوانی، جێگری سیاسیی سپا، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی ئەلعالەم، بە ئاماژەدان بە گۆڕینی ڕوانگەی تەهران بەرەو ئەنجامدانی کردارە «ژیرانە و لە هەندێک کاتدا هێرشبەرانە» بۆ بەرزکردنەوەی توانای ڕێگری، وتی: «ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی زیان بە ژێرخانەکانی ئێران بگەیەنن، کۆماری ئیسلامیش هەموو تواناکانی خۆی بۆ لێدان لە سامان و ژێرخانەکانی ئەوان بەکاردەهێنێت.»
ئەو بە جەختکردنەوە لەسەر تواناکانی تەکنیکی و ئۆپەراسیۆنیی ئێران زیادیکرد: «حەوت کەیبڵی گرنگی ئینتەرنێت کە بەژێر ئاوی تەنگی هۆرمزدا تێدەپەڕن، بە ئاسانی دەکرێت تێکبدرێن و بە دڵنیاییەوە توانای گەیاندنی زیانە جددی و ستراتیژییەکان بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەیە.»
جێگری سیاسیی سپای پاسداران هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە تواناکانی بەرگری و مووشەکیی ئێران بۆ ئامانجگرتنی مووچەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان بە شێوەیەکی زۆر زیاد بووە و هەموو بنکە ئەمریکییەکانی ناوچەکە و تەنانەت خاڵە دوورترەکانیش لە مەودای گەیشتن و بانکەی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامیدان.







