ڕۆژی چوارشەممە، حوسییەکانی یەمەن ڕایان گەیاند کە بە مووشەکی بالیستی و بە درۆن، پێگەیەکی سەربازیی سەر بە سعوودیەیان لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی عەدەن و هەروەها ژمارەیەک کەرەستەی سەربازییان لە فڕۆکەخانەی "ڕەیان" لە شاری موکەلا کردووەتە ئامانج.
گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، یەحیا سەریع، لە ڕێگەی تێلیگرامەوە ئاشکرای کرد کە بە "مووشەکێکی بالیستی" ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی سعوودیەیان لە کەمپی بەدری عەدەن، کە دەکەوێتە دەوروبەری فڕۆکەخانەی شارەکە، کردووەتە ئامانج. ئەمە سێیەم هێرشە لە ماوەی یەک هەفتەدا بۆ سەر ئەو شارەی کە بارەگای کاتیی حکوومەتی یەمەنی تێدایە.
لەلایەکی دیکەوە، دوو بەرپرسی سەربازیی حکوومەتی یەمەن بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاند، حوسییەکان بە مووشەک و درۆن فڕۆکەخانەی "ڕەیان"ـیان لە موکەلا، پایتەختی پارێزگای حەزرمەوت کردووەتە ئامانج کە بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیەی تێدایە. ئەمە یەکەم جارە لە دوای شکستهێنانی ئاگربەستی 2022، حوسییەکان ناوچەی حەزرمەوت دەکەنە ئامانج.
وەزارەتی گواستنەوەی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند کە هێرشەکە لە ڕێگەی "3 درۆن"ـەوە ئەنجام دراوە و فڕۆکەکان لە نزیک ڕێڕەوی فڕۆکەخانەکانی عەدەن و ڕەیان کەوتوونەتە خوارەوە، ئەویش لەو کاتەی جموجۆڵی گەشتە ئاسمانییە مەدەنییەکان بەردەوام بووە.
شایەنی باسە، ئەم پەرەسەندنە نوێیانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، شەڕ لە چەند بەرەیەک لە یەمەن دەستی پێکردووەتەوە. حکوومەتی یەمەن بە پشتیوانیی سعوودیە هێرشێکی پێچەوانەی دەست پێ کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە مانگی ئەیلوولدا کەوتوونەتە دەستی حوسییەکان، بەتایبەت لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن بەرەو گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب.
هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعوودیە لەم مانگەدا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە و جگە لە یەمەن، چەندین ناوچەی سعوودیە، لەوانەش فڕۆکەخانەی ڕیاز، بە ئامانج گیراون.







