دەزگای ڕاگەیاندن و زانیارییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شاندێکی بەرزی حکومەتی فیدراڵ بە سەرپەرشتی محسن مندلاوی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە شاری زاخۆ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم، پێشوازیی لێ دەکرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ تیمی دانوساندنکاری هەرێم دەربارەی پەڕاوە هاوبەشەکان گفتوگۆ بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ۲۵ی ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶، دەزگای ڕاگەیاندن و زانیارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: شاندێکی بەرزی حکومەتی فیدراڵ بە سەرپەرشتی محسن مندلاوی، جێگری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بۆ کاروباری وزە و بە بەشداری باسم محمد، وەزیری نەوت و علی سعد، وەزیری کارەبا، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. هەروەها شاندی هاوڕێیانیان لە سەرۆکی دەستەی راوێژکاران، جێگری وەزیری دارایی، جێگری وەزیری نەوت و چەند بەرپرسی بەرزی دیکە پێک هاتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم شاندە بەرزەی حکومەتی فیدراڵ لە شاری زاخۆ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لێ دەکرێت.
دەزگای ڕاگەیاندن و زانیاری هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە دوای ئەوە، شاندی بەغدا لەگەڵ تیمی دانوساندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ دەکات؛ ئەو تیمە پێک هاتووە لە: محەممەد کەمال، جێگری وەزارەتی سەرچاوە سروشتییەکان؛ د. ئۆمێد سەباح، سەرۆکی دەفتەری دەستەی وەزیران؛ د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی هەماهەنگی و بەدواداچوون؛ ئەحمەد موفتی، جێگری وەزارەتی سەرچاوە سروشتییەکان؛ و چەند بەرپرسی بەرزی وەزارەتی دارایی، بە مەبەستی هەماهەنگی زیاتر و گەیشتن بە تێگەیشتن و ڕێککەوتنی باشتر لەبارەی پەڕاوە هاوبەشەکان لەنێوان هەردوو حکومەت.







