هێزێکی سەر بە لیوای 61ـی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای حەویجە لە پارێزگای کەرکووک، هێرشێکی تیرۆریستانی داعشیان بۆ سەر کامێرایەکی چاودێریی حەراری پووچەڵ کردەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێبکەوێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندنی دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، هێزێکی سەر بە لیوای (61)ـی حەشدی شەعبی، توانییان هێرشێکی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش لە سنووری قەزای حەویجە لە پارێزگای کەرکووک پووچەڵ بکەنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: تیرۆریستانی داعش لە کاتی پەلامارەکەیاندا لە ناو سنووری کەرتی "دەنادیش" لە باکووری حەویجە، کامێرایەکی چاودێریی حەرارییان کردووەتە ئامانج و پاشان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا هیچ زیانێکی گیانی یان برینداربوون لە ڕیزەکانی هێزە ئەمنییەکاندا تۆمار نەکراوە.







