لە ئەنجامی تەقینەوەی گازی میسان لە ناو کانێکی تایبەتیی خەڵووز لە پارێزگای زۆنگوڵداغ لە باکووری تورکیا، دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکە بریندار بوون، هاوکات هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی کرێکارێکی دیکە کە لە ژێر زەویدا گیری خواردووە بەردەوامن.
ئەمڕۆ هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویان کردەوە: بەهۆی تەقینەوەی گازی میسان لە ناو کانێکی تایبەتیی خەڵووزی بەردین لە شارۆچکەی "گێلیک" لە قەزای کیلیملـلی سەر بە پارێزگای زۆنگوڵداغ لە باکووری تورکیا، دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکەش بریندار بوون، لە کاتێکدا تیمەکان لە هەوڵی چڕدان بۆ دەرهێنانی کرێکارێکی دیکە کە لە قووڵایی سەدان مەتر لەژێر زەویدایە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، تیمەکانی ئاسایش، تەندروستی، دەزگای فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) و تیمەکانی فریاکەوتنی دامەزراوەی خەڵوزی بەردینی تورکیا (TTK) گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پرۆسەی گەڕان و ڕزگارکردندا، لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی یاسایی و کارگێڕی دەستیپێکردووە بۆ زانینی هۆکاری کۆبوونەوە و تەقینەوەی گازەکە و ئاستی پابەندبوونی ئیدارەی کانەکە بە مەرجەکانی سەلامەتیی پیشەیی.
عوسمان حاجی بەکتاش ئۆغڵو، پارێزگاری زۆنگوڵداغ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گیانلەدەستدانی ئەو دوو کرێکارەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: "ئێستا تەواوی هەوڵەکان لەسەر ڕزگارکردنی ئەو کرێکارە چڕ بوونەتەوە کە لە ژێر زەویدا ماوەتەوە، پەیوەندی لەگەڵ کرێکارەکەدا دروست کراوە و هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی بەردەوامن، بەڵام هێشتا دۆخی تەندروستیی بە تەواوەتی یەکلا نەبووەتەوە".
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی تەندروستی ئاماژەیان بەوە کردووە، دوای پێشکەشکردنی فریاگوزاریی سەرەتایی لە شوێنی ڕووداوەکە، پێنج کرێکارە بریندارەکە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی نزیک لە ناوچەکە و باری تەندروستیی دوو لە بریندارەکانیش مەترسیدارە.







