عەلی فەلەح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای کۆتاییهێنان بە گەشتی فەرمیی خۆی بۆ شانشینی هاشمیی ئوردن، گەڕایەوە بۆ بەغدا، پایتەخت.
بەپێی بەیاننامەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران، لە ماوەی ئەم گەشتەدا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی ئاستباڵا ئەنجام دراون کە گرنگترینیان بریتین لە:
دیدار لەگەڵ پاشای شانشینی هاشمیی ئوردن.
دیدار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئوردن.
دیدار لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتی فەلەستین.
سەرۆکایەتیکردنی شاندی عێراقی لە گفتوگۆ فراوانەکان لەنێوان دوو وڵات.
چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆمەڵێک بازرگان و وەبەرهێنەری عێراقی لە عەمان.
لە چوارچێوەی ئەم گەشتەدا، ۹ یادداشتێکی تێگەیشتن لە بوارە جیاوازەکاندا لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا:
1. یادداشتێکی تێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بوارى پێشبڕکێی بازرگانی و ڕێگرتن لە مۆنوپۆڵکردن.
2. یادداشتێکی تێگەیشتن لە بوارى پاراستنی ژینگە.
3. یادداشتێکی تێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بوارى خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستییەکان بۆ ساڵانی ۲۰۲۶-۲۰۳۱.
4. یادداشتێکی تێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بوارى پاراستنی بەکارهێنەر.
5. یادداشتێکی تێگەیشتن لە بوارى بەڵگەنامە و ئەرشیفی نیشتمانی.
6. یادداشتێکی تێگەیشتن سەبارەت بە هاوکاری دیپلۆماسی و خزمەتگوزارییە دەرەکییەکان.
7. دامەزراندنی میکانیزمێکی هاوبەش بۆ پشتگیری لە پڕۆژە بچووک و ناوەندەکان.
8. بەرنامەی جێبەجێکردنی هاوکارییە کولتوورییەکان بۆ ساڵانی ۲۰۲۶-۲۰۲۸.
9. بەرنامەی جێبەجێکردنی هاوکارییە پەروەردەییەکان بۆ ساڵانی ۲۰۲۶-۲۰۲۸.







