ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرای کرد کە بەهۆی بەرزبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانی ئێران بۆ بەرزترین ئاست، حکوومەتی ئەمەریکا ئاستی ئامادەباشیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز کردووەتەوە و ژمارەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکانی لە شەش دەوڵەتی ناوچەکە کەم دەکاتەوە.
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردەوە: بەهۆی پەرەسەندنی هەڕەشە ئەمنییەکان، حکوومەتی ئەمەریکا ئاستی وریایی و ئامادەباشیی لە نێو کارمەندەکانیدا لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز کردووەتەوە و هەنگاوی ناوە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی لە ناوچەکەدا.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەپێی گوتەی بەرپرسە ئەمەریکییەکان، جێبەجێکردنی سیستەمی "کارکردنی سنووردار" لە نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە هەریەک لە وڵاتانی (ئوردن، لوبنان، قەتەر، ئیمارات، بەحرەین و کوەیت) دەبێت، بەبێ ئەوەی دەرگای دامەزراوە و باڵەخانە دیپلۆماسییەکان بە تەواوی دابخرێن.
بەرپرسانی ئەمەریکا ڕوونیان کردەوە، هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئەمەریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە، لە هەمان کاتدا ئاماژەیان بەوە کرد کە توانای ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ناوخۆی خاکی ئەمەریکادا هێشتا سنووردارە.
هەروەها ئاشکرا کراوە، دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا زانیارییان لەبەردەستدایە لەسەر ئەگەری بوونی کەسانی پەیوەندیدار بە ئێران لە ناوخۆی ئەمەریکا، هاوکات نیگەرانی هەیە لە بوونی پلانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی ئەمەریکییەکان لە ئەورووپا، لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە شێوەیەکی خولیی بەردەوام ڕاپۆرتی هەواڵگری لەسەر ئەو هەڕەشە ئەمنییانە پێدەگات کە سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەزێنن.







