هیئەتە سەرۆکایەتییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشنیاری سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ دەنگدان بە جێگرەکانی سەرۆکوەزیران و ئەو وەزیرانەی لە کابینەی حکومەتی عێراقدا ماونەتەوە، قبووڵ کرد.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژی سێشەممە بە شێوەیەکی فەرمی پێشنیاری بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردبوو کە ڕۆژی پێنجشەممە بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ دەنگدان بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەتی عێراق دیاری بکەن.
هەر ئەمشەو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی ئەم پێشنیارەی قبووڵ کرد و بە نامەیەکی فەرمی ڕۆژی پێنجشەممەی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کۆبوونەوە تایبەتەی پەرلەمان دیاری کرد.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەم نامەیەدا ڕایگەیاندووە: ڕۆژی پێنجشەممە کاتژمێر حەوتی ئێوارە، پرۆسەی دەنگدان بە جێگرەکانی سەرۆکوەزیران و ئەو وەزارەتخانانەی کە تا ئێستا هیچ وەزیرێکیان بۆ دیاری نەکراوە، بەڕێوەدەچێت.
لە کابینەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تا ئێستا چارەنووس و دەنگدان بۆ ۹ پۆستی وەزیری ماوەتەوە؛ هەروەها ڕێککەوتن کراوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق چوار جێگری هەبێت کە یەکێکیان بەشی کوردەکان دەبێت.







