مستەفا دعیر، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان هەڕەشەی ئەوەی کرد، ئەگەر حکوومەتی عێراق دەروازەی سنووریی "شەیب" لەگەڵ ئێران نەکاتەوە، پارێزگاکەیان لە عێراق دادەبڕن. ناوبراو مۆڵەتێکی 3 ڕۆژی بە حکوومەتی ناوەندی داوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەیان.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان ڕایگەیاند، لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکەیان، پەنا دەبەنە بەر "عیسیانی مەدەنی" (ناڕەزایەتیی مەدەنی) و ڕێگەکانی سەر بە پارێزگاکە دەبڕن. ئەم هەڕەشەیە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە میسان ڕێگەی گەیشتن بە کۆمپانیا نەوتییەکانیان بڕیوە و درووشمی "نە سنوور، نە نەوت"ـیان بەرز کردووەتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی بەردەوامیی داخستنی دەروازەکە.
حکوومەتی عێراق لە 20ـی ئۆکتۆبەری 2026 بڕیاری دا دەروازەی سنووریی "شەیب" لەگەڵ ئێران دابخات و لە بەیانیی 21ـی ئۆکتۆبەرەوە بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، کە هاتوچۆی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بە تەواوەتی تا کاتێکی نادیار ڕاگرت.
شایەنی باسە، ئەم دەروازەیە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی هەزاران خێزانە لە پارێزگای میسان و داخستنی بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی جەماوەری لەو پارێزگایەدا.







