فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سنتکۆم) ڕایگەیاند، بە هۆی ئەو هەوڵانەی بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجام دراوە، ڕێڕەوە بازرگانییەکان ئێستا ئازادن و هیچ مەترسییەکیان لەسەر نەماوە.
ئادمراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە سەردانێکیدا بۆ گەرووی هورمز ڕایگەیاند، لە وەرزی هاوینەوە تا ئێستا، هێزەکانی ئەمریکا یارمەتیی هاوبەشەکانیان لە کەنداو داوە بۆ ئەوەی زیاتر لە 1.5 ملیار بەرمیل نەوتی خاو بە سەلامەتی هەناردە بکەن.
بەپێی بەیاننامەیەکی سنتکۆم، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 3,000 کەشتیی بازرگانی بە سەرکەوتوویی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بوون. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە 95٪ـی ئەو کەشتییانەی بەو گەرووەدا تێپەڕیون، بە سەلامەتی گەیشتوونەتە مەبەست، ئەمەش سەرەڕای ئەو بەربەستانەی کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ هاتوچۆی دەریایی دروست کرابوون.
ئادمراڵ کوپەر جەختی لەوە کردەوە کە پابەندبوونی ئەمریکا بە پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا نەگۆڕە و بە هاوکاریی هاوبەشەکانیان لە کەنداو و کەرتی کەشتیوانی، بەردەوام دەبن لە مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئەم ڕێڕەوە گرنگە نێودەوڵەتییە.







