سوپای پاسداران بەڵێنی داوە ئەمشەو یەكشەممە تۆڵەی هێرشكردنە سەر لوبنان لە ئیسرائیل بكاتەوە و بە توندی مووشەكبارانی ئەو وڵاتە بكات.
سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەكدا رایدەگەیەنێت: ئێمە چەندین جار هۆشداریمان دابوو کە گەڕەکەكانی باشووری بەیرووت هێڵی سوورە، بە ڕوونی و لە ڕێگەی چەندین کەناڵەوە بە ئیسرائیلمان ڕاگەیاندبوو کە هەر هێرشێك بۆ ئەم ناوچانە، یاریکردنە بە ئاگر و وەڵامی توندیان دەبێت.
لە بەیاننامەكەدا هەروەها هاتووە: با دوژمن چاوەڕوان بێت و پەناگەکان ئامادە بکات، چونکە ئەمشەو وەڵامێكی توندمان بۆی دەبێت و وانەیەکیان دەدەین کە هەرگیز لەبیری نەکەن.
پێشتریش بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێرانی دووپاتی کردبووەوە کە ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت بێ وەڵام نامێنێتەوە، كە بەهۆیەوە چەند كەسێك كوژران و بریندار بوون.
بەرگریی شارستانی لوبنان دوایین ئاماری قوربانییەكانی هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر باشووری بەیرووت بڵاو كردەوە و رایگەیاند: سێ كەس كوژراون و 6 كەسی دیكە بریندار بوون.
لای خۆشییەوە بەرپرسە سەربازییەكانی ئیسرائیل ئاشكرایان كردبوو كە پێش ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەكەیان بۆ سەر باشووری بەیرووت، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا (سێنتكۆم)یان ئاگادار كردبووەوە.







