سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، لە ڕێگەی هێرشێکی مووشەکیی بالیستییەوە، توانیویانە 3 فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری F-35 لە ناو بنکەی ئاسمانیی ئەزڕەق لە وڵاتی ئوردن تێکبشکێنن.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی سوپای پاسداران، جگە لە تێکشکانی ئەو 3 فڕۆکەیە، 3 فڕۆکەی دیکەی هەمان جۆر بەسەختی زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا، چەندین ئەفسەر و کارمەندی تەکنیکی و چاککردنەوەی فڕۆکە کە سەر بە سوپای ئەمریکان، کوژراون.
سوپای پاسداران ڕوونیکردەوە کە هێرشەکە شوێنی ڕاگرتنی فڕۆکەکان و کۆگایەکی چاککردنەوەی لە ناو بنکە ئاسمانییەکە کردووەتە ئامانج. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ بۆردومانێکی پێشووتری ئەمریکا کە کرابووە سەر دوورگەی قیشم لە باشووری ئێران.







