نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا ئاشکرای کرد کە ئەگەری زۆر هەیە لە هەمان کۆتایی هەفتەدا وڵاتەکەی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات؛ ئەو لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە سەرەڕای ئامادەبوون بۆ لێدان، واشنگتن بەدوای گۆڕینی ڕژێمی ئەو وڵاتەدا نییە، بەڵکو ئامانجی دروستکردنەوەی هاوسەنگی و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانە.
ڕۆژی هەینی، تام باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردراوی تایبەتی ئەم وڵاتە بۆ عێراق و سوریا، لە کاتی چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: ئەگەری ئەوە هەیە کە ویڵایەتە یەکگرتووەکان هەمان کۆتایی هەفتە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات و ئەم هەڵبژاردەیە بە تەواوی لەسەر مێزە.
نێردراوی ئەمریکا لە بەردەوامی قسەکانی خۆیدا باسێکی لە بۆچوونی کۆشکی سپی کرد و وتی: ترامپ بۆچوونێکی زۆر ڕوونی هەیە؛ ئەو هەمیشە ئامادەیە و دەرگای ڕێککەوتن کراوەیە، و ئێمەش چەندین مانگە بەردەوام لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشتووین.
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە چەکە ئەتۆمییەکان، ئاستی دەوڵەمەندکردنی ئۆرانیۆم و هەموو ئەو مەرجانە، تەنها وردەکارییەکانی ئەم قۆناغەن کە دەبێت کۆتاییان پێبهێنرێت.







