دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پاشەکشەی خۆی لە بڕیاری سەپاندنی باج بەسەر هەموو ئەو کەشتییانە راگەیاند كە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕدەبن.
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێكدا لە (تروس سۆشیال) رایگەیاند: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەپاندنی باج دوای گفتوگۆی بەرهەمدار لەگەڵ سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هات. بڕیارم دا باجی کۆکردنەوەی تێچووی ئەمریکا کە بڕی 20% بوو، بگۆڕم بە ڕێککەوتنی بازرگانی و وەبەرهێنان کە وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئەمریكا ئەنجامی دەدەن".
ترەمپ هەروەها رایگەیاند: سەرەڕای پاشەكشەكەم لە سەپاندنی باجدا، بەڵام سزا و چاودێرییە توندەکان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن.
سەرۆكی ئەمریكا جەختیشی كردەوە كە گەمارۆكانی وڵاتەكەی بەردەوامی دەبێت بەسەر سەرجەم ئەو کەشتیانەی بەرەو بەندەرەکانی ئێران دەچن یان لەوێوە دێن.
گوتیشی: گەمارۆکانی ئەمریكا تەنها ئەو کەشتیانە دەگرێتەوە کە لە بەندەرەکانی ئێرانەوە دەست بە جوولە دەکەن، یان هەر جۆرە بار و کەلوپەلێکی ئێران دەگوازنەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دوێنێ دووشەممە ڕایگەیاندبوو کە واشنتۆن بووەتە پارێزەری گەرووی هورمز، بۆیە پێویستە باج بسەپێنێت بۆ قەرەبووکردنەوەی تێچووی پاراستنی ئەم ڕێڕەوە سەرەکییەی نەوت و غاز لە جیهاندا.
هەر دوای ئەم بڕیارەی ترەمپ، سەرکردە سەربازییەكانی ئێران رەتیان كردەوە و ڕایگەیاندبوو کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە دەستوەردانی ئەمریکا لە گەرووەکە نادەن. هەروەها هۆشداری توندیشیان دایە وڵاتانی کەنداو لە هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ واشنتۆندا.







