ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی ئاب، سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا دەست بە گەمارۆیەکی دارایی دەکات کە لە جۆری خۆیدا گەورەترینە لە مێژوودا دژ بە ئێران.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت: "ئامانجمان بڕینی هەموو ئەو ڕێڕەوە ئابوورییانەیە کە بوونەتە مایەی مانەوەی ڕژێمی ئێران".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو وڵاتانەی چارەنووسی خۆیان بە تارانەوە گرێ دەدەن، بژاردەی دیکەیان ئەوەیە کە هەموو دەروازەیەک بەرەو خۆشگوزەرانیی بەردەوام لەسەر خۆیان دابخەن".
سکۆت بیسێنت گوتی: "هەر وڵاتێک وەک خوێنبەرێکی دارایی بۆ ڕژێمێکی بەرەو نەمان کار بکات، دەبێت بەرگەی لێکەوتەکانی بگرێت و لە گۆشەگیربوونیشیدا هاوبەشی بکات".
هەروەها هۆشداری دا کە ئێران هەر کردەیەکی سەربازی دژی هێزەکانیان یان وڵاتانی کەنداو ئەنجام بدات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە خێرایی و بە توندی وەڵامی دەبێت.







